"نازانم پڕوپاگه‌نده چییه" به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی له خۆپیشاندانێکی ناڕه‌زایه‌تیدا به‌شداریی کردووه، کچه کوردێکی پازده ساڵه به حه‌وت ساڵ و نیو سزای گرتووخانه مه‌حکووم کراوه و له نامه‌یه‌کدا که له رۆژنامه‌ی (زه‌مان)دا بڵاوی کردۆته‌وه رایده‌گه‌یه‌نێ "به ژیانی ناو گرتووخانه رانه‌هاتووم، لێی بێزارم و به‌رده‌وام ده‌گریم".
کچۆڵه‌یه‌کی پازده ساڵه‌ی کورد به ناوی"بێریڤان"، که له سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبری ساڵی رابردوودا ده‌ستبه‌سه‌ر و له 26ی مانگی ژانویه‌ی ئه‌مساڵدا، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی له خۆپیشاندانێکی ناره‌زایه‌تیدا به‌شدار و "به‌ردی به پۆلیس داداوه"، به حه‌وت ساڵ و نیو سزای گرتووخانه مه‌حکووم کراوه.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی (IPS) دادگای شاری ئامه‌د، له 26 ژانوویه‌ی ئه‌مساڵدا، سه‌ره‌تا بێریڤانی به 13 ساڵ و نیو سزای گرتووخانه مه‌حکووم کردووه، به‌ڵام دواتر، به‌هۆی ته‌مه‌نی که‌میه‌وه، سزاکه‌ی بۆ حه‌وت ساڵ و نیو به‌ندکردن دابه‌زاندووه.
بڕیاره‌که‌ی دادگا پشتی به دوو تۆمه‌تی "ئه‌نجامدانی تاوان به فیتی رێکخراوێکی نایاسایی" و "پڕوپاگه‌نده‌کردن بۆ رێکخراوێکی نایاسایی" به‌ستووه، ئه‌مه له کاتێکدا بێریڤان، له دانیشتنی دادگادا رایگه‌یاندووه که "نازانم پروپاگه‌نده چییه"، ئه‌مه به گوێره‌ی پارێزه‌ری ناوبراو که بۆ رۆژنامه‌ی (زه‌مان)ی تورکیا دواوه.
بێریڤان که له نامه‌که‌یدا بۆ رای گشتی داوا ده‌کات ئازاد بکرێت، ده‌نووسێ: "ده‌مه‌وێ لێره بێمه ده‌رێ، ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌که‌م بم، ئه‌من به ژیانی ناو گرتووخانه رانه‌هاتووم و لێی بێزارم. به‌رده‌وام ده‌گریم، ژیانی ئێره دڵم ده‌گووشێ و زۆر زۆریش ئاره‌زووی بنه‌ماڵه‌که‌م ده‌که‌م."
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی (IPS) و به پشتبه‌ستن به راپۆرتی رێکخراوه مرۆڤدۆسته‌کانی تورکیا و کوردستان له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردوودا، لانیکه‌م 1300 منداڵی کورد، به پشتبه‌ستن به قانوونه‌کانی "دژه تیرۆر"، له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانی تورکیاوه قۆڵبه‌ست و ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌کان کراون. قانوونی ناوبراو، ساڵی 2006 له لایه‌ن حکوومه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه په‌سه‌ند کراوه و به‌ندکردنی مندالانی ژێر هه‌ژده ساڵ، به حوکمی هه‌رێ زۆر 50 ساڵ سزای گرتووخانه، به ره‌وا ده‌زانێ.
بنه‌ماڵه‌ی بێریڤان حه‌وت ساڵ به‌ر له ئێستا، به‌هۆی نه‌داری و نه‌بوونی هه‌لی کار له گونده‌که‌ی خۆیان له ناوچه‌ی باتمان له باکووری کوردستان، ئاواره و له ئیستانبوڵ نیشته‌جێ بوون. باوکی بێریڤان، که پێشتر کرێکاری بینا سازی بووه، ئێستا بێکار و به‌هۆی ئه‌و دۆخه نوێیه‌ی کچه‌که‌ی، له‌گه‌ڵ دیکه‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه گوند.
دایکی بێرێڤان نیگه‌رانی کچه گیراوه‌که‌یه‌تی و به رۆژنامه‌ی زه‌مان ده‌ڵێ: کچه‌که‌م منداڵه، هه‌رچی کردبێتی هه‌ر منداڵه، کچه‌که‌م ئازاد که‌ن.
تا ئێستا لانیکه‌م 3000 منداڵ له گرتووخانه‌کانی تورکیادا به‌ندکراون که زۆربه‌یان کوردن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
وێنه‌ی هه‌واڵ: خوشک و برای بێریڤان رێنێسانس نیوز
|