 به پێی زانیارییه‌كان تۆڕی ئینتێرنێت له ئێران گرفتی تێ كه‌وتوه به وته‌ی به كارهێنه‌رانی ئینتێرنێت ، چوونه نێو پوستی ئیلێكترۆنیكی، جی مه‌یل و یاهوو له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ گرفت رووبه‌روو بۆته‌وه‌و
پێوه‌ندی ئینتێرنێتی ژماره‌یه‌ك له شاره‌كان له چه‌ند رۆژی رابردوو دا بو ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێر ، به ته‌واوی پچڕاوه. ئه‌مه چه‌نده‌مین جاره له هه‌شت مانگی رابردوو كه تۆڕی ئینتێرنێنت له گه‌ڵ كه‌م بوونه‌وه‌ی خێرایی و تێكه‌ڵ بوونی شه‌به‌كه‌كان به‌ره‌و روو ده‌بێته‌وه. به‌ر له‌م رووداوه‌ش له به‌ره به‌ره‌ی كۆبوونه‌وه ناره‌زاییه‌تیه‌كانی دژی حكومه‌ت ئه‌م شه‌به‌كه‌یه تووشی ئاڵۆزی ببوو. دژبه‌رانی جكومه‌ت ده‌ڵێن، ئه‌م گرفته نوێیه له به هۆی نزیك بوونه‌وه‌ی رێپێوانی 22رێبه‌ندانه، و پێوه‌ندی له گه‌ڵ ساڵوه‌گه‌ڕی شوڕشی ئێران هه‌یه. نارازیانی كۆماری ئیسلامی رایانگه‌یاندوه كه بۆ جارێكی دیكه به‌هاتنه‌وه سه‌ر شه‌قامه‌كان ناره‌زایه‌تی خۆیان له‌مه‌ڕ" ساخته‌كاری" له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌روك كۆماری و رووداوه‌كانی دوای ئه‌و ده‌رده‌بڕن. شایانی باسه له مانگه‌كانی رابردوو دا ماڵپه‌ڕه خه‌به‌رییه‌كان، پوستی ئیلكترونیكی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئینتێرنێتییه‌كانی وه‌ك "فه‌یس بووك" له گرینگ‌ترین كه‌ره‌سته‌كانی راگه‌یاندنی نارازیان بوون. به گوێره‌ی راپوڕتی سایتی جوڵانه‌وه‌ی سه‌وز" جه‌ره‌س" ، رۆژی 13ی رێبه‌ندان، هێڵی ئینتێرنێتی له شاری تاران له گه‌ڵ گرفت به‌ره‌و روو بووه و له به‌شێك له ناوچه‌كانی تاران ئینتێرنێت به ته‌واوی پچڕاوه. كه‌لیمه" سایتی نزیك به میر‌حوسێن موسه‌ویش هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه هێڵی ئینتێرنێت له شاری مه‌شهه‌د تووشی گرفت بووه. به پێی ئه‌م راپورته له چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێشه‌وه ئیمكانی كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئینتێرنێت له مه‌شهه‌د و له ته‌واوی شاره‌كانی خوراسانی ره‌زه‌وی، خوراسانی باكوور و خوراسانی باشور نه‌ماوه. هه‌روه‌ها له كرماشانه‌وه هه‌واڵه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئینتێرنێت له‌و پارێزگایه به گشتی پچڕاوه و ئه‌م گرفته‌ش بۆ ماوه‌ی 20 كاتژمێر به‌رده‌وام بووه. ره‌سووڵ ئاموویی، به‌رپرسی شیركه‌تی موخابراتی پارێزگای كرماشان، به هه‌واڵنێری مێهری راگه‌یاندوه، كه پچڕانی ئینتێرنێتی كرماشان، په‌یوه‌ندی به ئیداره‌ی موخابراتی ئه‌م پارێزگایه‌وه نیه، له ژماره‌یه‌ك له شاره‌كانی باكوری ئێرانیش هه‌روه‌ها پچڕانی په‌یتا په‌یتای ئینتێرتنێت راگه‌یه‌ندراوه. زۆربه‌ی راگه‌یه‌نه سه‌ربه‌خۆكان، سایته خه‌به‌رییه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری كۆماری ئیسلامی و تۆڕه ئینتێرنێتییه‌كان له ئێران به‌ربه‌ست كراون و به‌كار هێنه‌رانیان به كه‌ڵك وه‌رگرتن له فیلتێر شكێن ده‌چنه نێو ئه‌م ماڵپه‌ڕانه‌وه.
|