
ئا: رەحیم قادری
شەهید دوكتور صادق شەرەفكەندی لە یەكەم پلیۆمی دوای شەهید بوونی دوكتور قاسملوو دا بە تێكرای دەنگی ئەندامانی كومیتەی ناوەندی بە سكرتێری گشتی حیزب هەڵدەبژێردرێ و لە كۆنگرەی نۆهەمی حیزبیشەوە هەتا كاتی شەهید بوونی (26 خەرمانانی 1371ی هەتاوی 17ی سپتامبری 1992ی زایینی) ئەرك و بەرپرسایەتی قوورسی سكرتیری گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی بەرێوە دەبرد.
خەباتگێری مەزنی گەلەكەمان دوكتور صادق شەرەفكەندی لە ماوەی ئەو 12 ساڵەی دوایی دا تا كاتی شەهید بوونی هەمیشە رۆڵێكی بنەرەتی لە رێبەرایەتی حیزب و جوڵانەوەی گەلەكەمان دا هەبوو. یەكێك لە بەوەجترین و شارەزا ترین رێبەرانی نێو ریزەكانی بزوتنەوەی میللی دێموكراتیكی گەلەكەمان بوو بە حەق بڵێین كە قوتابیەكی لێوەشاوەو یارێكی وەفاداری دوكتور قاسملووی نەمر بوو پاش دوكتور قاسملووش بوو بە مامۆستای ئیدامەكاری درێژە دان بە رێبازو رێگای قاسملوو، بە لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی نەیهێشت بێ قاسملوویی بەم جۆرە كە ئاوات و ئامانجی دوژمنانی بزووتنەوە بوو بە حیزبەوە دیاربێ.
تایبەتمەندی و كەسایەتی دوكتور شەرەفكەندی
تێكۆشەری نەمر دوكتور صادق، ئینسانێكی بوێر و شوجاع، بەورە، بە ئەخلاق، راستگۆ و دروست كار و بە راستی صادق بوو. لە حەق و عەداڵەت پشتیوانی دەكرد لە هەموو ئەو تایبەتمەندی یانە لە سیاسەت و كردەوە دا كەڵكی وەردەگرت. ئینسانێكی پر كار بوو، ماندوویی نەدەناسی ، هەموو كاتی خۆی بۆ جێ بەجێ كردنی ئەركە حیزبیەكان تەرخان كردبوو، شۆرشگێرێكی بە تەواو مانا و دێموكراتیكی واقیعی بوو كە لە هەموو كاروكردەوادا و بە هەڵوێستی دا ئەو تایبەتمەندیانە خۆی دەنواند.
بڕوایەكی قووڵی بە دێمۆكراسی و مافی گەلانی ئێران هەبوو، هەر بۆیە لە روانگەی ئەوەوە پێوانەی هەر جوڵانەوەیەكی خەباتگێرانە لە ئێران و كوردستان دا بریتی بوو لە تێكۆشان بۆ سەقامگیری كردنی ئازادی و دێمۆكراسی وەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد و گەلانی ئێران. سیاسەت و تاكتیك بۆ دوكتور صادق زاراوە و دەستەواژەی خەیاڵی و زەینی نەبوون لە روانگەی ئەوەوە سیاسەت كردەوەی خەباتگیرانە بوو. هەر بۆیەش بە حەق و بە كردەوە ببوو بە ئاوێنەی تایبەتمەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان.
دوكتور صادق رێبەری حیزب
هەر لە سەرەتای هاتنە ریزی رێبەرایەتی حیزب یەكێك لە دارێژەرانی سیاسەت و هەڵویستەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان بوو. لە سەر پاراستنی ئووسوول و پرەنسیپەكانی حیزب شێلگیرو پێداگیر بوو. ئەو كادرو وپێشمەرگەكانی حیزبی خۆش دەویستن، بەڵام ئەو خۆشەویستی یە هەرگیز شوێنی لە سەر هەڵسەنگاندنی واقیع بینانەی كادرو پێشمەرگەكان و كارو باری ئەوان دا دانەناوە. دڵپاكی و بێ غەرەزی كاك دوكتور سەعید بۆ هەموو هاورێ یانی حیزبی دەركەوتبوو هەربۆیەش ئامۆژگاریەكانی بە دڵ و بە گیانەوە وەردەگیران . نەخشی گرینگی تەشكیلاتی لە حیزب و بزوتنەوە دا زۆر بە باشی هەست پێ كردبوو، بەڵام هەرگیز تەشكیلاتی لە جێی خەڵك دا نەناوە و لە دەمارگرژیو سكتاریتی بە دوور بوو. چۆنكە ئەو تەشكیلاتی حیزب و خودی حیزبیش بۆ رێبەرایەتی كردنی خەباتی گەل دەویستن.
سیاسەتی دوكتور سەعید
دوكتور سەعید لە باری سیاسی یەوە درێژەدەری رێگای شەهید قاسملو بوو. بۆیە هەوڵی خۆی دەدا بۆ ئەوەی لەو رێبازەدا هیدایەت بكا كە لە كاتی سكرتێری دوكتور قاسملوو دا دیاری كرابوو، هەر وەك لە پەیامی ئەمەگناسی بۆ خەڵكی كوردستان كە بە دوای شەهید بوونی دوكتور قاسملوودا رایگەیاند: بە زانیاری یەكی تەواوە،پەیمانمان داوە كە تەواوی هێز و ئیرادەی خۆمان تەرخان بكەین بۆ درێژە پێدانی رێگای قاسملوو یانی بەربەرەكانی یەكی ماندوونەناسانە لە رێگای ئازادی دێموكراسی و مافی مرۆڤ. لەو رێگایە دا كە رێگای سووری شەهیدانە یان سەردەكەوین و یان بە شانازی یەوە هەر وەك شەهیدە عەزیزەكانمان سەر دادەنێین
دوور ئەندیشی دوكتور صادق
دوكتور سەعید وەك رێبەرێكی دوورئەندیش هەر ئەوەندە نەبوو كە چاوەدیری بە سەر بەشە جۆراجۆرەكانی كاری حیزب دا دەكرد و زەحمەت وماندوو بوونی زۆری دەكێشا، بەڵكوو زۆریش بیری لە دوا رۆژی حیزب و جووڵانەوەی دەكردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش زۆر تێدەكۆشا پێوەندی نێوان حیزبی دێموكراتی كوردستان و حیزبە شۆرشگێرەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستان پتەوتر بكا. ئەو لەو باوەرە دابوو مادام كە ئێمە داوای خودموختاری لە چوارچێوەی ئێران دادەكەین پێویستە لە گەڵ حیزبە دێموكرات و ئازادیخوازەكانی ئێران دۆستایەتیەكی پتەو دامەزرێنین و باوەر و متمانەی ئەوان رابكێشن بۆ ئەوەی لە كاتی ئێستا دا لە دژایەتی لە گەڵ ریژیم یارمەتیمان بدەن و لە داهاتووی ئێران دا وەكو دۆستێكی بە وەفای گەلی كورد بمێننەوەو لە سرینەوەی ئەو تەبلیغاتە ژەهراوییەی كە رێژیمەكانی پاشایەتی وكۆماری ئیسلامی دژی گەلی كورد كردوویانە و مێشكی هاونیشتمانانی دیكە مانیان پێ ئاخنیوە، یارمەتیمان بدەن هەر بۆیە گرینگی زۆری دەدا بە نێزیك بوونەوە و باس كردن لە گەڵ ئەو حیزبانە وەك دیتمان هەر كاتی دانیشتن لە گەڵ ئەوان بوو كە شەهید كرا.
هەڵكەوتووی گەل و بروای قووڵی بە هاوكاری گەلانی ئێران
دوكتور صادق ئینسانێكی خاكی و خەڵكی و بە توازع، بوو بەڵام هەر ئەوەندەی كە لە راست دۆستان و هاورێیانی دا روو خۆش بوو و بە گوزەشت بوو، لە راست دوژمنانی حیزب و گەل دا بە توندی و بێ لێبوردن بوو، قوورسی و قایم لە بەرامبەریان دا رادەوەستا و زەرەیەك نەرمی وهەنگاوێك گەرانەوەی بۆ نەبوو، ئەو خەڵكی كوردستانی بەرەگ وپێستەوە خۆش دەویست هەر بۆیەش گیان و ژیانی بۆ خزمەت بە وان تەرخان كردبوو ئەو لەو سیاسەتمەدارانە نەبوو كە خەڵكیان وەك ئاوازی بردنە پێشی مەبەستەكانی خۆیان دەوێ. ئەو بۆ خۆی پێشرەوی خەباتی خەڵكی كوردستان بوو جگە لە قازانج و بەرژەوەندی یەكانی گەل هیچ قازانج و بەرژەوەندییەكی شەخسی بەلایەوە گرینگ نەبوو. شەهید دوكتور صادق بۆ كادرو پێشمەرگەكانی حیزب هەر تەنیا سكرتێر نەبوو. ئەو دۆست و هاواڵی هاورێ یان بوو. بەرادەیەك كە لە گەڵیان تێكەڵاو بوو. كە هەر هاورێ یەك بە راشكاوی دەیتوانی پرێسكەی دڵی خۆی لەلای هەڵرێژێ و لە رێنوێنی یە بە كەڵكەكانی كەڵك وەربگرێ.
كاك دوكتور صادق بروایەكی قووڵی بە هاكاری گەلان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران هەبوو، لەو بروایە دا بوو كە رووخانی رێژیمی ئاخوندی بەبێ نێزیكی و هاوكاری و هاو پێوەندی هێزە نیشتمانپەروەرو خەباتگێرەكانی ئێران كارێكی مومكین یان لانی كەم هاسان نی یە، هەر بۆیە لە هەر دەرفەتێك بۆ ئەو مەبەستە كەڵكی وەردەگرت و بە كردەوە هەوڵی بۆ دەدا و سەرەنجام لەو رێ¬یەدا گیانی بەختی ئازادی ئیران و خودموختاری كوردستان كرد.
ماهییەتی كۆماری ئیسلامی لە تێرۆر كردنی دوكتور سەعید دا
روداوی تێرۆری دوكتور سەعید لەو بارەوە كە زیاتر لە هەر روداوێكی دیكە رووی دزێو و راستەقینەی كۆماری ئیسلامی بۆ خەڵكی دنیا ئاشكرا كرد، لە گرینگترین رووداوەكانی ماوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ. تا كاتی تیرۆری دوكتور سەعید و بە دوای ئەویش دا كۆماری ئیسلامی ژمارەیەكی زۆر لە سەر كردەكانی رێكخراوەكان و كەسایەتی یە هەڵسورو ناسراوەكانی ئازادیخوازانی ئێرانی بە پیلانی جۆراوجۆر لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات دا تیرۆر كرد. هەر چەند هەموو ئێرانی یەكان و زۆر لە دەوڵەتان و حیزبەكانی وڵاتانی پێشكەوتووی پیشەسازی سەبارەت بە عامیلانی ئەو تیرۆرانە كە كۆماری ئیسلامی ئێرانە گومانیان نەبوو، بەڵام ئەو رێژیمە هەمیشە ئەو راستی یە ئاشكرایەی حاشا لێ دەكرد، بەو ئەزموونە زۆری ئەو كە لەو كارانە دا بە دەستی هێنابوو جێ پەنجەی بە رەسمی دەر نەدەكەوت. یان ئەگەر دەركەوتبا بە سات و سەودا و ئیمتیاز دان بەو دەوڵەتانەی كە تیرۆرە كانیان تێدا بەرێوەچوو بوو مەسەلەكەیان پوش بە سەر دەكرد و درێژەیان بە پیلانەكانی خۆیان دەدا. وەك ئەوەی تیرۆری دوكتور قاسملوو لە ڤییەن و دوكتور شاپوری بەختیار لە پاریس دیتمان. بەڵام كردەوەی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی دژی دوكتور سەعید و هاورێ یانی یەكەم تیرۆر بوو كە لە لایەن دادگای بێرلین وەك دادگایەكی رەسمی و عادڵانەی بێ لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە قاودا و ئەو رێژیمەی لە بەرزترین پلەی دەسەڵات دا بە دارێژەری تیرۆرەكە بە دنیا ناساند. دەورەی ئەو دادگایە لە تەعقیب و موحاكمەی بەرێوەبەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستی یە بۆ ماوەی نیزیك بە 3 ساڵ لە كۆتایی دا راگەیاندنی بوێرانەی ئاكامی دادگا، زیاتر لە هەموو كاتێك سیاسەتی تیرۆریزمی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی و خەباتی حەق خوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و حیزبی دێموكراتی بە دنیا ناساند. بەم چەشنە ئەگەر كۆماری ئیسلامی بەو خەیاڵەی كە خوێنی دوكتور سەعید وهاورێ یانیشی وەكو خوێنی دەیان سەركردەو شەخسییەتی سیاسی دیكەی ئێرانی دەتوانێ بكاتە وەسیلەی سات وسەودا لە گەڵ دەوڵەتە قازانج پەرەستەكان، ئەو جارە بە شێوەیەك كە چاوەروانی نەدەكرد كەوتە داوو. زیندووترین بەڵگەی تیرۆریست بوونی خۆی دا بە دەستەوە.
یادو ناوی شەرەفكەندی مەزن هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە و خەبات و تێكۆشانی پرشنگداری لە پێناو ئامانجە پیرۆزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و گەلی كورد و خەڵكی ئێران و تایبەتمەندی یە شۆرشگێرانەكانی دوای نەمانیشی رێنوێن وئیلهامدەری تێكۆشەرانی حیزب و شۆرشگێرانی وڵاتەكەمان دەبێ.
سەرچاوە: بڵاوكراوەكانی نێوخۆیی حیزبی دێموكرات.
ئامادەكردنی رەحیم قادری